Archive for كانونی دووه‌م 19th, 2013

نا ئەمن عێراقی نیم!

شه‌ممه‌, كانونی دووه‌م 19th, 2013

 بەڵێ‌ من بە هیچ‌ شێوەیەک عێراقی نیم، تۆش خۆ عێراقی نیت. نا هیچ کوردێکی عێراقیم نەبینیوە تا ئێستا. ئایا تۆ بینیوتن؟ سەیرە!!

با پێناسێکی کورتی خۆم و خۆتت بۆ بکەم، من و تۆ هەردووکمان کوردین. خەڵکی شاخێک لە شاخەکانی کوردستانین. کوردی دەئاخڤین، کوردی دەنووسین. مناڵەکانیشمان فێرە وشەی کوردستان دەکەین و ئاڵایەکی چوار ڕەنگی کوردستانیان بۆ دەکڕین.

ئەی پێناسەی عێراقی چییە؟ ئاسانە، ئەوان عەرەبن، خەڵکی یەکێک لە صەحڕایەکانی1 عێراقن. عەرەبی دەئاخڤن و عەرەبیش دەنووسن. مناڵەکانیشیان فێرە وشەی عێراق دەکەن و ئاڵای عێراقیشیان بۆ دەکڕن.

ئەرێ توانیت هیچ پەیوەندییەک لە نێوان خۆت و عێراق ببینیەوە؟ ئەمن جگە لە یەک پەیوەندی هیچیتر شک نابەم. وڵاتە بەسەزمانەکەم دابەشی چوار پارچە کراوە و یەک لەم پارچانە بەبەر چنگی عێراق کەوتووە و داگیری کردووە. تا بەم دواییەش عێراق بەمە دەڵێت (شیمالی عێراق)، بە هێزەکانمان دەڵێت میلیشیا، داهاتوومان دەبێتە ئیسڕائیلی دووەم و ڕێژەی سەدا حەڤدەش لە ئێمە زیادە.

ئێمە گەلێکی چەوساوەین، بەسەزمانین ساویلکەین. ئەگینا چۆن دەبێت خۆمان بە عێراقی دابنێین؟! لەبیرمان کرد ساڵەهای ساڵان شۆڕشمان کرد لە پێناوی وشە و ئاڵای کوردستان؟ کاکە ئێمە کوردستانین کوردستانی. بۆمن جیاوازی نێوان ئێران، عێراق، سعوودیە هیچ نییە، هەموویان دراوسێی وڵاتە داگیرکراوەکەمن. وا مەکەن سەددام لە گۆڕەکەی هەڵسێتەوە و بچێت بۆ لای ئەسەد و بەشانازییەوە پێیبڵێت: “ئەگەر نەشمتوانی کورد تەعریب بکەم، خۆ تەعریقم2 کردن!”

ڕێز لە ئەنفال بگرن، ڕێز لە هەڵەبجە و لە هەڵاتن بگرن، ڕێز لە خۆتان بگرن، ئەوەی کە ڕێز لە خۆی نەگرێت کەس ڕێزی لێ ناگرێت، گەر تۆ خۆت بە عێراقی بزانیت، ئەی باشە خەڵک چۆن بە کوردستانیت بزانێت؟‌ ئەی باشە چۆن ڕۆژێک دێت و بانگەشەی وڵاتێکی سەربەخۆ دەکەیت؟

زۆرم پێ سەیرە، دوێنێ لە یاری نێوان دوو دەوڵەتی عەرەبی (عێراق و ئیماڕات)، لە پاڵەوانیەتییەکی عەرەبی3 کە لەوڵاتێکی عەرەبی بەڕێوەچوو، هەندێک کوردم بینی کە پڕ بە دڵ لایەنگیری عێراقی عەرەبییان دەکرد. دوای دۆڕانی عێراقیش لە فەیسبووک و تویتەرەکانیان نووسیان، ئەوڕۆ ناخۆشترین ڕۆژمانە، یان سەدان حەیف و مخابن کە وڵاتەکەمان دۆڕا. سەد ئافەرین، ئێوە ڕۆحی سەدام شاددەکەن، ڕۆحی حەججاج و ئەسەد خۆش دەکەن، ئێوە شانازین بۆ کوردبوونمان.

بەڕای من، عێراق بێ‌ یان ئیماڕات، چ جیاوازییەکی هەیە، نە ئەم وڵاتی منە و نە ئەو، هەر چ نەبێت ئیماڕات منی داگیرنەکردووە! کەچی هەچی عێڕاقە، بەس داگیرکاری و کاولکاری بۆم هەبووە. ئەی تۆ، تۆش کۆک نیت لەگەڵمدا؟

ئامانج

لوگانۆ، سویسڕا

1لێرە وشەی (صەحڕا)م بەکاربردووە لە بری بیابان، تا چاکتر وێنای عێراقی عەرەبی بکەم.

2واتە بە عێراقی کردن (لەسەر کێشی تەعریب).

3پاڵەوانییەتی کەنداوی 21، کە لە وڵاتی بەحرەین بەڕێوەچوو.

Share