ئاخ له‌ زه‌مانه‌، چه‌ند به‌سه‌زمانه‌!

نیسان 10th, 2014

كات: هاوینی ٢٠٠٨

شوێن: تاقیگه‌ی ژماره‌ ٤، هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌كانی خولی دووه‌می پۆلی سێیه‌می ئه‌ندازیاریی پڕۆگرامسازی له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌ددین.

من یه‌كێك له‌ چاودێرانی ئه‌و هۆڵه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ بووم، هه‌ستمكرد كه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی كۆمه‌ڵێك له‌ قوتابییان ئاسایی نییه‌. لێیان نزیكبوومه‌وه‌ و بڵاوه‌م پێكردن، ئه‌وم نارد بۆ لایه‌كی هۆڵه‌كه‌ و براده‌ره‌كی بۆ لایه‌كه‌یتر و براده‌ری سێیه‌می بۆ ئه‌وسه‌ر. به‌ڵێ، ئه‌وان سێ براده‌ر بوون، یان چاكتر بڵێم سێ ده‌سته‌خوشك بوون. هاوپۆلی كوڕه‌ ناسیاوێكم بوون. شه‌و ناسیاوه‌كه‌ ته‌له‌فۆنی لۆكردم و گۆتی، برام ئه‌توو چت له‌و كچانه‌ كردییه‌، سه‌رمیان گێژكردییه‌ و ده‌ڵێن ئه‌توو نایه‌ڵی ئه‌وان به‌كه‌یفی خۆیان قۆپیه‌ (واته‌ فێڵ) بكه‌ن. بێگومان من گوێم به‌قسه‌ی ناسیاوه‌كه‌مان نه‌دا.

كات: به‌هاری ٢٠١٤
شوێن: سه‌ر ئینته‌رنێت، سه‌ر یووتیوب، سه‌ر فه‌یسبوك، كوردستان، هه‌موو شوێنێك.

یه‌كێك له‌و سێ قوتابییانه‌، ئێستا پاڵێوراوی گۆڕانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و فڕوفێڵ نه‌هێڵێ. ئاخر دڵنیام هێڤی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ئه‌و ئه‌ندازیاره‌ی كه‌ ته‌نها به‌ ناو ئه‌ندازیاره‌ و فڕی به‌سه‌ر ئه‌ندازیارێتییه‌وه‌ نییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێكیتریش گه‌نده‌ڵی بكات. به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی خۆی و وانه‌كانی و مامۆستاكه‌ی بكات، له‌سه‌ر ئاستی خۆی و پارته‌كه‌ی و گه‌له‌كه‌ی بكات.

داخه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌، من ته‌نها ئه‌و گه‌نده‌ڵه‌ ده‌ناسم، ئاخۆ ده‌بێ چه‌ند گه‌نده‌ڵی تری وه‌كوو ئه‌و له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ هه‌بن؟

ئاخ له‌ زه‌مانه‌، چه‌ند به‌سه‌زمانه‌!

Bookmark/FavoritesShare