ماسته‌ مه‌ڕه‌ حه‌یاته‌كه‌ی هه‌ولێر!

سڵاو،

من و ماستی مه‌ڕ چیرۆكێكی خۆشه‌ویستی قووڵمان هه‌یه‌، پێم مه‌ڵێ پیسه‌ یان ناته‌ندروسته‌، من ئه‌وانه‌م لا گرنگ نییه‌، من تامه‌كه‌یم لا گرنگه‌! نازانم سیحری ماستی مه‌ڕ چییه‌، به‌ڵام كه‌ ده‌یخۆیت پڕ به‌ زارت تام ده‌به‌خشێت. چۆن خۆی هه‌ڵده‌په‌ڕێت وا ده‌كات تۆش هه‌ڵپه‌ڕی. من له‌ هه‌ولێر سه‌رباری كه‌نگر و كاردی و تۆركه‌، هه‌رده‌م ماستم له‌ مێشكه‌، تامی ماست هه‌رده‌م له‌بن زمانمه‌. ئاخر كێشه‌كه‌ له‌وه‌یه‌ من ماسته‌كانیتر هه‌ر به‌ ماست دانانێم! نه‌ ماستی بزن، نه‌ چێڵ، نه‌ گامێش نه‌ ئه‌و پاژن و ماژنه‌ ئیرانی و توركییانه‌، به‌ڕاست جگه‌ له‌ ماستی مه‌ڕی خۆمان خۆ ماستیتر له‌ جیهان نییه‌، ده‌توانی پێیان بڵێی هه‌ر چ به‌س نه‌ك ماست.

با زۆری لۆ كه‌م نه‌ڵێم، من هه‌موو ده‌مێك تامه‌زرۆبووم له‌ سویسڕا له‌ یه‌كێك له‌ سوپه‌رماركێته‌ زۆر گه‌وره‌كانی ماستی مه‌ڕ ببینمه‌وه‌ و تێرتێری لێبخۆم! به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی ساڵێك گه‌ڕام به‌دوای و هیچم نه‌دیته‌وه‌. تا ئه‌و ڕۆژه‌ شیری مه‌ڕم دیته‌وه‌ و بیرم كرده‌وه‌، گه‌ر شیری مه‌ڕیان هه‌بێت بێگومان ده‌بێت ماسته‌كه‌شیان هه‌بێت و ئه‌وه‌بوو دوای زیاتر گه‌ڕان بۆ یه‌كه‌م جار ماستی مه‌ڕم دۆزییه‌وه‌! ئای له‌خۆم خه‌نی ماستی مه‌ڕ له‌ ئه‌وڕووپا، ده‌بێ چ هه‌بێ له‌وه‌ی خۆشتربیت.

سێ جۆرم له‌و ماسته‌ دیته‌وه‌ و هه‌رسێكم كڕی، هه‌ر له‌ڕێیێ بووم كه‌ سه‌ری ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مم هه‌ڵپچڕی و تامم كرد، ئاااااخ ماستی مه‌ڕ، تامه‌زرۆ بووم كه‌ یه‌كه‌م مراك بخه‌مه‌ ده‌ومه‌وه‌، تامه‌زرۆی یه‌كه‌م نه‌شئه‌ بووم كه‌ ماسته‌كه‌ به‌منی ده‌به‌خشی. چاوم قوچاند و ماسته‌كه‌م هێواش هێواش خسته‌ ده‌ومه‌وه‌، ئه‌و كاتانه‌م به‌بیر هاته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ولێر بووم و ئێواران دره‌نگ، كاتێك هه‌موو ماڵه‌وه‌ ده‌چوونه‌ سه‌ربان بۆ نووستن، من هێواش هێواش ده‌رگای به‌فرگره‌كه‌م ده‌كرده‌وه‌ و به‌ مراكان ده‌كه‌تمه‌ سه‌ر ماسته‌كه‌ی ناو به‌فرگره‌ و تا پڕده‌بووم لێیم ده‌خوارد. به‌بیرم ده‌هاته‌وه‌ كاتێك دۆینه‌ به‌ ماست یان داندۆكمان ده‌كرد به‌ ماسته‌ مه‌ڕه‌ نازداره‌كانمان، ته‌نانه‌ت ئه‌و پووشانه‌شم به‌بیرهاته‌وه‌ كه‌ سه‌ری ماسته‌ مه‌ڕه‌كانیان پێداده‌پۆشت. ئاااای ماستی مه‌ڕ، چ تامێكی خۆش، چ یادگارییه‌كی خۆش.

له‌پڕ ڕاپه‌ڕیم، ئه‌وه‌ چی بوو، ئه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ خه‌یاڵم بۆی ڕۆییبوو، ئه‌مه‌ كه‌ی ماسته‌، ئه‌مه‌ كه‌ی ماستی مه‌ڕه‌. نا نابێت وابێت، تامێكی چه‌وری ناخۆش هاته‌ ناو ده‌وم. نا ئه‌وه‌ ماستی مه‌ڕ نییه‌، ئه‌وه‌ هه‌ر له‌ ماسته‌ گامێشه‌كه‌ی خۆمان ده‌كات، چه‌ور و بێتام. ئا به‌مجۆره‌ دوا هیوام بڕا به‌وه‌ی كه‌ له‌ شوێنێك جگه‌ له‌ هه‌ولێره‌ حه‌یاته‌كه‌ی خۆمان ماستێكی كه‌مێك ترشی په‌یتی مه‌ڕی سه‌ر به‌سه‌رتوو وه‌چه‌نگ خه‌م.

ئه‌رێ ده‌پرسم، ئاخۆ ده‌بێت ئه‌و ماسته‌ی هه‌ولێر چۆن دروستبكرێت، مه‌ڕه‌كان زۆر ناوازه‌ن، یان شیردۆشه‌كانیان، یان ئاخوڕه‌كانیان، یان جۆری شیركوڵاندن و هێوێنكردنییان زۆر جیاوازه‌؟

 

ئای ماستی مه‌ڕ، هێشتا عاشقی تۆم!

Share

Leave a Reply

(required)