دەربارەی نووسەر

سڵاو بەڕێزان،

 

من، ئامانج مستەفا، لە شاری هەولێر ساڵی 1984 لە دایکبووم. هەڵگری بڕوانامەی ماستەرم لە زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی ئوپسالا لە سوید. خوێندنی بەکالۆریۆسم لە زانکۆی سەلاحەددین لە هەولێر کردووە لە ماوەی ساڵانی 2002-2006. ئێستا لە زانکۆی لوگانۆ له‌ وڵاتی سویسڕا قوتابی دكتۆڕام.

من سەردەمانێک شاعیر بووم، بەڵام چیدیکە نا! نازانم بۆ، بەڵام چەند لە جیهانی کۆمپیوتەر قووڵتر ببمەوە ئەوەندە لە جیهانی ئەدەبیات دوورتر دەکەومەوە. زۆرتر سەرسامی شعرەکانی حاجی قادری کۆیی، عەبدوڵڵا پەشێو، سالم ساحێبقڕان، مستەفا بەگی کوردی، نالی، مەحوی و ڕەنج سەنگاویم.

من کارام لە بانگەشەکردن بۆ بەکاربردنی پڕۆگرامسازی ئازاد و سەرچاوە کراوە (Free and Open Source) بە شێوەیەک کە چەندین چالاکیم لەم بوارەدا هەیە. ئەم بڵاگەم زیاتر جەخت لەسەر پڕۆگرامسازی ئازاد و سەرچاوە کراوە دەکاتەوە. لە بەهاری 2010 سیمینارێکم دەربارەی پڕۆگرامە سەرچاوە کراوەکان پێشکەش کرد لە زانکۆی سەلاحەددین، بۆ داگرتنی پریسێنتەیشنەکەم ئێرە کلیک بکە، بۆ بینینی هەندێک لە وێنەکانی ئەم سیمینارەش ئێرە کلیک بکە. جگه‌ له‌م سیمیناره‌م چه‌ندین سیمیناریترم له‌ هه‌مان بواره‌وه‌ هه‌بووه‌، كه‌ ده‌توانی له‌ ڕێگای ئه‌م به‌سته‌ره‌وه‌ بۆیان بگه‌ڕێیت.

دەتوانم بڵێم، من بە پلەیەکی زۆر خۆم لە پڕۆگرامە سەرچاوە داخراوەکان پاراستووە، ئەو پڕۆگرامانەی کە بەهیچ شێوەیەک ڕێز لە ئازادی بەکارهێنەریان ناگرن، ئوبونتو وەک سیستەمی کارپێکردنی کۆمپیوتەرەکانم بەکاردەبەم و ئەندڕۆید (کە وەک ئوبونتو جۆرێکە لە لاینۆکس) وەک سیستەمی کارپێکردنی مۆبایل و تابڵێتەکەم. بۆ پڕۆگرامکردنیش Netbeans بەکاردەبەم بۆ نووسینی پڕۆگرامەکانی Java.

له‌ ماوه‌ی نێوان ته‌مموزی 2011 و تشرینی یه‌كه‌می 2012 وه‌ك مامۆستا له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌ددین به‌شی ئه‌ندازیاری پڕۆگرامسازی كارمكردووه‌ و وانه‌م به‌ هه‌ردوو قۆناغی دووه‌م و سێیه‌م وتووه‌ته‌وه‌.

کاتێکی خۆش،

ئامانج

Share

Comments are closed.